لە كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا کەرکووک بە شارێکی كوردستانی هەژمار كراوە

لە فەرهەنگێکی كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا، باس لە ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك كراوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو فەرهەنگە، كە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا ئامادە كراوە، سێ لەسەر چواری دانیشتوانی كەركووک كوردن. لە میدیاكانی توركیا زۆرجار باس لە كەركووك دەكرێت و وەكوو شارێكی توركمانی ناوی دەهێنن، ئەگەرچی بەڵگەكانیان بۆ توركمانبوونی كەركووك لاوازە، بەڵام وەكوو شارێكی توركمانی و میراتی عوسمانییەكان ناوی دەهێنن، بەڵام لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەیان، كوردستانیبوونی كەركووك سەلمێندراوە. ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، چەند هەفتەیەك بەر لە ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە ساڵی 2017، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و چەند زانیاری لەسەر كەركووك ئاشكرا كرد. ئاڵتان تان، كە دكتۆڕای هەیە و سیاسییەكی گەورەی كوردە لە توركیا، باسی لە فەرهەنگی شەمسەدین سامی كرد، كە زانایەكی گەورە بووە و فەرهەنگەکەی لە كتێبخانەی پەرلەمانی توركیا هەڵگیراوە و گرنگی پێدەدرێت. ئەو سیاسەتمەدارەی باکووری کوردستان لە وتارەکەیدا رایگەیاند: لە قامووسی شەمسەدین سامیدا هاتووە، ژمارەی دانیشتوانی کەرکووک 30 هەزار كەسە، لەو رێژەیە سێ لەسەر چواری كوردە و بەشەكەی تریش لە توركمان و عەرەب پێكهاتووە. هەروەها 462 كلدان و 760 جولەكەی تێدا ژیاوە. شەمسەدین سامی لە فەرهەنگەکەیدا باسی ئەو ساڵەی نەکردووە، کە ژمارەی دانیشتوانی كەركووك 30 هەزار کەس بووە و سێ لەسەر چواریشیان کورد بوون، بەڵام رەنگە باس لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو بكات. جیا لە ئاڵتان تانیش، تەها ئاكیون، مێژوونووسی بەناوبانگی توركیا، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (CNN)ی توركی، باسی لە ژمارەی دانیشتوانی كەركووك و موسڵ كرد، ئەویش دانی بەوەدانا لەو دو شارەدا ژماری كورد زیاتر بووە. تەها ئاكیون، لەو بەرنامەیەدا بە درێژی باسی لە بوونی كورد، توركمان، عەرەب و ئاشووری كرد لە كەركووك و موسڵ، دانیشی بەوەدانا لە كەركووك و موسڵ ژمارەی كورد زۆر لە توركمان و عەرەب زیاتر بووە. بە هۆی ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە) لە دایك و باوكێكی توركمان هاتووەتە دونیاوە، لە رێگەی میدیاكەیەوە رای گشتی توركیای شێواندووە و بەردەوام باس لە توركمانبوونی كەركووك دەكات. باخچەلی، چەندینجار لە میتینگەكاندا بە دەنگی بەرز گوتوویەتی ”كەركووك شارێكی توركمانییە و كورد داگیری كردووە“ بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكیش نیشان بدات. بەڵام ئاڵتان تان لە وتارەكەیدا لەناو پەرلەمانی توركیا، ئاماژەی بەوە دا، كە ئەوە كتێبخانەی پەرلەمانی توركیایە باس لەوە دەكات سێ لەسەر چواری دانیشتوانی كەركووك كوردە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەرچاوەیە، كە فەرهەنگی گەورە زانای توركیا شەمسەدین سامییە.