خاویی ئینتەرنێت لە ئێران کاری 11 ملیۆن کەسی پەک خستووە

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران لەو وڵاتە 11 ملیۆن کەس لەڕێگەی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار دەکەن و دابەزینی خێرایی ئێنتەرنێت و گەڵاڵەی چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرچاوەی داهاتی ئەو 11 ملیۆن کەسەی ڕووبەووی مەترسی کردووەتەوە. ماڵپەڕی (تەجارەت نیوز) بە ئاماژە بە دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، بڵاوی کردووەتەوە 83٪ی ئەو 11 ملیۆن کەسە کە لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە خەریکی فرۆشتنی کەلوپەل و شتومەکن، بە دابەزینی خێرایی ئێنتەرنێت، سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ڕووبەڕووی مەترسییەکی جدی کردووەتەوە. لە کاتێکدا بەپێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران نرخی بێکاری لە ئێران 24٪ دیاری کراوە، بەڵام ئەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە شوێن کاردا دەگەڕێن و ئەو ئامارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بێکارن و بەشوێن کاردا ناگەڕێن. (تەجارەت نیوز) لە زاری عادل تالبی، یەکێک لە کارناسانی بواری تەکنۆڵۆژیا و زانیارییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دەستپێڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فلتەرکراوەکانی وەکوو تەلەگرام و تویتەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن بەکارهێنەرانەوە زۆر قورستر بووەتەوە. تالبی لە درێژەدا بە (تەجارەت نیوز)ی ڕاگەیاندووە ئەم هەوڵانە بۆ فلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەمکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێت لە ئێران، بەهۆی گەڵاڵەی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە خەریکە بە یاسایی دێتە ئەژمار و هیچ کەس و لایەنێک لە بەرانبەر دابەزینی خێرایی ئینتەرنێت و فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرس و وەڵامدەر نییە. پێشتر و لە ساڵی 2017 بە فیلتەرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام لەلایەن ئێرانەوە، ئەو کاسبکارانەی کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریان دەکرد، خەسار و زیانێکی زۆریان بەر کەوت.