ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرش كرایە سەر بەڕێوەبەری بنكەیەكی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە شاری ناسریە. سەرچاوەیەك لە پارێزگای زی قاری باشووری عێراقەوە بە میدیاكانی ئەو وڵاتەی راگەیاند ژمارەیەك مامۆستا لە شاری ناسریە هێرشیان كردووەتە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەكەیان، كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە قوتابخانەكەیان كراوەتە بنكەی دەنگدان و بەڕێوەبەرەكەشیان بووەتە بەڕێوەبەری بنكەكە. بەپێی سەرچاوەكە، مامۆستاكان لە بەڕێوەبەرەكەیان داوە و برینداریان كردووە، چونكە بەڕێوەبەرەكە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی پشوو بووە، مامۆستاكانی ناچار كردووە لە قوتابخانەكە دەوام بكەن. ماڵپەڕی “شەفەق نیوز”ی عەرەبی بڵاوی كردووەتەوە كە بەڕێوەبەرەكە مامۆستاكانی ناچار كردووە بۆ ماوەیەكی درێژ لە هۆڵی قوتابخانەكەدا بمێننەوە، لە كاتێكدا خۆی بە گرێبەست بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كار دەكات، ئەمەش وای كردووە مامۆستاكان ئارامی لەدەست بدەن و هێرشی بكەنە سەر.