ئەمڕۆ چوارشەممە جەلال پەرێشان پەرلەمانتاری كوردستان ڕای گەیاند بە شانازییەوە گۆرانی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، چونكە ئەو حكوومەتە بە شاهێدی دۆست و دوژمن، توانی هەموو قەیرانەكان تێپەڕێنێت و چەندین پرۆژەی ستراتیژییش جێبەجێ بكات. جەلال پەرێشان پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە “کابینەی نۆیەم بە شاهێدی دۆست و دوژمن، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەڕەڕای ئەو هەموو قەیرانانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەوە، وەک پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی دارایی، کەچی زۆر سەرکەوتووانە نەک هەر ئیدارەی قەیرانەکانی کرد و تێيپەڕاندن، بەڵکو بەپێی توانای دارایی بەردەست، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دا”. پەرێشان دەشڵێ “ئەمانەش سەرباری ئەو چاکسازییانەی لە زۆربەی بوارەکانی حکوومەتدا دەستیان پێکردووە، کە جێی ستایشی خەڵکانی ویژدان زیندوون لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان”. ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان، كە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا یەكێك بوو لەو كاندیدە سەركەوتووانەی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی هەولێر و هەرێمی كوردستانیش بەدەست هێنا، ئاماژە بەوە دەكات كە هەر ئەم چاکسازییانەی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، وای لێ كرد وەك هونەرمەندێک، گۆرانی لەسەر چاکسازییەکانی حکوومەت و کاک مەسرور بڵێت. دووپاتیشی كردووەتەوە كە ئەو گۆرانییەی دەستپێشخەری خۆی بووە، نە حکوومەت و نە هیچ کەسێک داوای لێ نەکردووە گۆرانییەكە بڵێت. جەلال پەرێشان دەشڵێ “ئەوەی جێی سەرسڕمانە، کەسانێکی ناحەز و دژ بە چاکسازی و خۆفرۆش، دەستیان بە شاڵاوێکی چەواشەکاری کردووە لە دژی من، تەنیا لەبەرئەوەی پشتیوانی حکوومەتەکەم و چاکسازییەکانی دەکەم. ئەوان شەو و ڕۆژ بە شانوباڵی حزب و گرووپ و باڵ و تاقمە خۆفرۆشەکانیان هەڵدەڵێن ئاساییە، بەڵام بۆ ئێمە گوناحە و کوفر و تاوانە، باسی سەركەوتنی حكوومەتی كوردستان بكەین”. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە “هەندێک نووسیویانە گوایە نابێت پەرلەمانتار گۆرانی بەسەر حکوومەتدا بڵێت، هەی تەتەو لەم عەقڵەتان، ئاخر ئێوە لێتان تێکچووە من پەرلەمانتاری پارتییم نەک ئۆپۆزیسیۆن. وەک چۆن ئێوەی ناحەز هەمیشە بەمافی خۆتان دەزانن بەناهەق هێرش بکەن و پەلامار بدەن و چەواشەکاری بکەن، منیش بە شانازییەوە ئەو مافەم هەیە داکۆکی لە حزبەکەم و چاکسازییەکانی حکوومەتەکەم بکەم. هیچ دژایەتییەکیش لەوەدا نییە، چونکە ئەوە تەنیا لە خەیاڵ و مێشکی نەخۆشی ئێوەدایە کە پەرلەمانتار دەبێ هەمیشە دژی حکوومەت بێت”. لە كۆتاییشدا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر حکوومەت ئیشی باشی کرد، پێویستە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری بکەین و دەستخۆشی لێ بکەین، وەک چۆن لە هەموو دنیا لە ئەمەریکا لە بەریتانیا لە ئەورووپا پەرلەمانتارانی حزبی دەسەڵاتدار داکۆکی لە حزبەکانیان و حکوومەتەکانیان دەکەن. ئێمەش مافی ڕەوای خۆمانە داکۆکی لە حزب و حکوومەتەکەمان و دەسکەوتەکانمان بکەین، بۆیە بە شانازییەوە و پڕ بە گەرووم دەڵێم:مەسرور مەسرور، براگەورەی هەمووان ئەی خۆشەویستمان، سەرۆک وەزیران بۆ داهاتووی کوردستان، هەموومان پاڵپشتی تۆین بۆ ئایندەی کوردستان، هەموو پشت و پەنای تۆین