وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هات

ماوەی یاسایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات. بەپێی ئەو وادەیەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاری کردووە، کاتژمێر 6ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 9-10-2021 بانگەشەی حزب و کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، کۆتایی هات. کۆمسیۆن چاودێریی لایەن سیاسییەکان و کاندیدەکانیان دەکات و هەر لایەن و کاندیدێک بانگەشە رانەگرێت، سزا دەدرێت. بڕیارە رۆژی یەکشەممە 10-10-2021 (سبەی)، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتییانی عێراق و کوردستان بۆ هەڵبژاردنی 329 کەس وەکوو ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، بکرێنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا، 24 ملیۆن و 299 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 988 هەزار کەسیان لەدایکبووی ساڵانی 2001، 2002 و 2003ن و یەکەمجارە دەنگ دەدەن. رۆژی هەینی 8-10-2021، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ دەنگدانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوە چوو.