حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشی مووشەک و درۆن لە ئیمارات دەکات

بەتۆمەتی دەستکاریکردنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، گروپە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیمارات بە مووشەکی بالستی و درۆن دەکەن. لە 10/10ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیاندراون گروپەکانی حەشدی شەعبی رووبەڕووی شکستی گەورە هاتن، تەنانەت لیستی فەتحی هادی عامری کە بە راستەوخۆیی باڵی سیاسی حەشدی شەعبییە لە عێراق ژمارەی کورسییەکانی لە 52 کورسییەوە بۆ 16 کورسی دابەزی، ئەوەش نیگەرانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی لێکەوتەوە و ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە رەتدەکەنەوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی زانیاری ئەو گروپە توندڕەوانەی حەشدی شەعبی بەتۆمەتی دەستکاریکردنی ئەنجامەکان هەڕەشەی ئەوەیان لە ئیمارات کردووە کە بە مووشەکی بالستی و درۆن هێرش دەکەنە سەر ئەو وڵاتە. لەمبارەوە، د. نەوزاد هیتوتی، چاودێری سیاسیی و شارەزا لە گروپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “بەڵێ ئەو گروپانە بە رۆژی رووناک نەک بە شاراوەیی هەڕەشە لە وڵاتانی هەرێمی دەکەن گوایە دەستیان هەبووە لە تەزویرکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کەمکردنەوەی دەنگەکانیان”. گوتیشی: “ئەو گروپانە رایانگەیاندووە کە لە چەند رۆژی داهاتوو بە مووشەکی بالستی و فڕۆکە درۆنەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئیمارات”. هەروەها ئەو چاودێرە سەرنجی خۆشی بەوە دا کە ئەو گروپانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی دیموکراسی ناکەن.