فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک: لە پردێ خەونی گڵاوی حەشدی شەعبیمان پووچەڵ کردەوە

فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەکـی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە شارۆچکەی پردێ خەونی گڵاوی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان پووچەڵ کردووەتەوە. لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی چوارەم ساڵوەگەڕی داستانی پردێ، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک رایگەیاندووە: لە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری 2017دا حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان ”بە چاوساغی و رێنیشاندەریی گرووپێکی خیانەتکاری هەرزە و کاڵفام“، هێرشیان کردە سەر کوردستان. فەرماندەییەکە هەروەها رایگەیاندووە: لەو رۆژەدا پێشمەرگە ”خەونی گڵاو“ی ئەو میلیشیایانەی پووچەڵ کردەوە و زیانێکی زۆری پێگەیاندن. دەقی راگەیەندراوەکە: داستانی پردێ لە رۆژی بیستی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراقی، لە سەروبەندی شانزدەی ئۆکتوبەردا بە چاوساغی و ڕێنیشاندەری گروپێکی (خیانەتکاری هەرزە و کالفام) ھێرشیان کردە سەر کوردستان بە ئامانجی نەھێشتنی کیانی ھەرێمی کوردستان و شکاندنی ئیرادەی کوردستانیان. لە ساتەوەختی ھێرشکردنیان بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لەو کاتەدا چەند ھێز و فەرماندەییەکی پێشمەرگەی کوردستان ئەرکیان پاراستنی ھێلی پێشەوەبوو، یەکەکانمان بە سەرکردایەتی بەڕێز فەرماندە سیھاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی/١ ڕۆلێکی یەکلاکەرەوەیان ھەبوو بە سەرکەوتن بەسەر دوژمندا، کە توانرا لە ڕێگای ڕاگرتن و تێکشکاندنی ھێرشی دوژمن، بێدەنگکردنی تۆپخانە و چەکی قورسی دوژمن، لاوازکردنی ورەی دوژمن لە بەرامبەردا بەرز ڕاگرتنی ورەی پێشمەرگە و تێکشکاندنی ئالیات و زیان گەیاندنێکی زۆری گیانی لەناو دوژمن دا کە بە کوژران و برینداربوونی سەدان چەکدار  مەزەندە دەکرا، سەرکەوتنێکی گەورە بە دەست بهێنرێت و خەونی گڵاویان پوچەڵ بکرێتەوە و لە چوارەم ساڵیادی داستانە پڕ شکویەکانی دوای خیانەتی شانزەی ئوکتوبەر دەبینین بکەرە سەرەکیەکانی ئەو خیانەتە لە دوژمن و چاوساغەکانیان لە کوێن و گەلی کورد و کیانەکەی لە کوێن. نەمری بۆ شەھیدانی گیان پاکی  نیشتیمان سڵاو بۆ خۆڕاگری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان. فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی/١ ٢٠٢١/١٠/١٩