بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر سەردانی بنەماڵەی شەهید (پ.پ4، ستار جەبار قادر)ی کرد کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە شارۆچکەی هەریر شەهید بوو. بەپێی راگەیاندراوێکی پۆلیسی هەولێر کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: “ئەمڕۆ پێنچشەممە 21/10/2021، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عمید دلێر نجار) بە یاوەریی ئەفسەرانی بەشی پۆلیسی شەقڵاوە، لە هەریر سەردانی بنەماڵەی شەهید (پ.پ٤/ستار جەبار قادر)ی کرد کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمی خۆی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە شارۆچکەی هەریر شەهید بوو، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدی ناوبراو کرد”. ئەوەش خراوەتە روو: “دواتر لە باسرمە سەردانی هەریەک لە (ملازمی دوو/ محمد ابراهیم) و لە هەریریش سەردانی کارمەندێکی پۆلیسی کرد بە ناوی (ر.پ7/ مهدی عبدالطیف) کە لە هەمان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تۆمەتباراندا زامدار بوون”. هەروەها روونیشکراوەتەوە کە دواتر لە شەقڵاوە سەردانی هەریەک لە کارمەندان (پ.پ٤/ فەرمان خان ئاودەل) و لە بێترمەش سەردانی (پ.پ3/ ڕێبەند ارسلان)ی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەک بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران زامدار بوون، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆیان خواست. ئاماژە بەوەش دراوە کە بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە هەریر سەردانی خانەوادەی کارمەندی پۆلیس (پ.پ4/ رەمەزان محمد طه)ی کرد کە بە هۆی پەتای کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد، کە خزمەتێکی زۆری ھەبوو لە ریزەکانی ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستە کردن. لە راگەیاندراوەکەی پۆلیسی هەولێر جەختیشکراوەتەوە کە عمید دلێر نجا بەڵێنییدا کە بە شەو و ڕۆژ لە خزمەت بنەماڵەی شەهیدان و کارمەندە بریندارەکاندا بێت، ئاماژەی بەوەشدا کە پۆلیس ئەمە یەکەم و دوا شەهید و برینداری نابێت لە پێناو پاراستنی ئەمنیەت و ماڵ و گیانی هاووڵاتیان و گیانی خۆشیان بەخت دەکەن بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئارامیی شار.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر سەردانی بنەماڵەی ئەو پۆلیسەی کرد کە لەکاتی ئەرکی فەرمی شەهید بوو
