ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوكردەوە و هۆكاری رانەگەیاندنی ئەنجامەكانی زانكۆڵاینی ئاشكرا كرد. عەبدولسەلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە “لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ ھۆکاری دواکەوتنی ئەنجامی وەرگرتنتان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە لە ناوەندی وەرگرتن، ڕێکارەکان تەواو بووبوون، بەڵام ھەندێ گرفت لەوانەی کە ڕاستەوخۆ مامەڵەی وەرگرتنیان پێشکەش کردبوو، ھاتنە پێش”. هەروەها دەڵێ كە پرۆسەكە کاری وردتری پێویستە، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامەکانی زانکۆڵاین ڕانەگەیەندرا و دواخرا تا لێوردبوونەوەیەكی باشتر بکرێت و ھەڵەکانی پار دووبارە نەبنەوە.