وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، لە ئایندەدا سەرجەم لیوایەکانی وەزارەت و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە سیستەمی چەکی بانکی بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی مووچە. سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە: “رۆژی یەک شەممە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، عەمید توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری و بودجە و بەرنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەئامادەبوونی تیمی ئەفسەرانی پرۆژەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و پاڵپشتی راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا، کۆڵۆنێڵ ڤۆس پاوڵ سەرپەرشتی دابەشکردنی مووچەی لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد”. ئەوەش خراوەتە روو: “مەبەستی سەردانەکە، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو، لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی وەرگرتنی مووچە بە سیستەمی نوێ بەشێوەی چەکی بانكى لەلایەن لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەوە”.. وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: “ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و ئایندەدا سەرجەم لیواکانی وەزارەت و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە سیستەمی چەکی بانکی بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی مووچە، ئەمەش دەبێتە رێگایەک، بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری وەرگرتنی مووچە بەپێی شوێنی جوگرافیای ئەفسەران و کارمەندان”.