دوایین زانیاری لەبارەی هێرشە خوێناوییەکەی داعش لە پارێزگای دیالە

چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە گوندی رەشاد لە شارۆچکەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە هێرشێکی توندیان کردە سەر گوندنشینان. دوای رفاندنی سێ کەسی خەڵکی رەشاد، چەکدارانی داعش بۆ ئازادکردنیان داوای پارەیان کرد، لەو کاتەی کەسوکاری رفێندراوەکان پارەیان بۆ چەکدارەکان دەبرد، چەکدارەکان دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵکەکە کردووە. هێرشەکە شەوی سێشەممە 26-10-2021 لە دەوروبەری گوندەی رەشاد رووی داوە و بەپێی دوایین زانیاری، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 15 کەسی دیکە. کوژراو و بریندارەکان سەر بە عەشیرەتی بەنی تەمیمن و سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان هەیە.