ماڵپەڕێكی نزیك لە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەواڵی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیار پشتڕاست دەكاتەوە. ئەمشەو لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) هەواڵێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاوە بە ماڵپەڕى (چاودێر) دراون، ئێستا دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ”باش و جێگیرە“. هاوكات ئەوەشی دركاند كە ”بابەتی ژەهرخواردکردنی مەلا بەختیار لەلایەن پزیشکەکانەوە یەکلا کراوەتەوە و راستە، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستی باشە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و لە ئایيندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە کوردستان“. ئەمە لە كاتێكدایە كە (باسنیوز) وەك یەكەمین سەرچاوەی میدیایی، هەواڵی ژەهرخواردكردنی مەلا بەختیار و هۆكاری چوونەكەی بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی پشكنین و چارەسەر ئاشكرا كرد. ئێستا باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردەكانی یەكێتی، لە دەرەوەی وڵاتن كە بەشێكیان بۆ پشكنین و دڵنیابوونەوە لە ئەگەری ژەهرخواردكردنیان چوون. تا ئێستا هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی یەكێتی و عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و تەیمووری ئەنفال، تاقانەی ئەنفال كە بە كەسێكی نزیكی كوڕانی ماڵی مام جەلال ناسراوە، بە فەرمی رایانگەیاندووە كە ژەهرخوارد كراون و بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لاهوور جەنگی بە ژەهرخواردكردنی تۆمەتبار كردووە.