زانیاری لەبارەی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە دەخرێتەڕوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەردەوامن لە دابەشکردنی خۆراکی مانگانە و ههر خۆراكێك بكا، رۆژانه دابهش دهكرێ. ئهمڕۆ پێنجشهممه 28/10/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی خۆراکی مانگانە لە هەموو شارەکان بەردەوامە، بەڵام چونکە هەمووی بەتەواوی نەهاتووە، بۆیە ئەوەی دێت ڕۆژانە دابەش دەکرێ”. ئەوەشی خستە ڕوو، دوای پشکنینیان لە تاقیگە، دەست بە دابەشکردنی خۆراكەكان کراوە، کە پێکهاتوون لە (برنج و دۆشاوی تەماتە و شەکر و زەیت و فاسۆلیا و ئارینۆک و نیسک). گوتیشی: “هەموو ئەو خۆراکانە بە ڕێژەی جیاواز لە بەغداوە هاتوون، بەڵام بەتەواوی نەهاتوون، هەر بۆیە دابەشکردنەکە خاو بووە”. نەوزاد شێخ کامیل، باسی لەوەش کرد، سەبەتەی خۆراک، کە دەگاتە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، دوای پشکنین دابەش دەکرێ. روونیشی کردەوە، خۆراکەکە بەم شێوەیەیە: ”بۆ هەر کەسێک سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، چوارسەد گرام دۆشاوی تەماتە، یەک کیلۆ پاقلەمەنی، یەک لتر زەیت”. پێشووتر سەبەتەی یەكەمی خۆراك دوای گەیشتنی بە كۆگاكانی هەرێمی كوردستان و دەرچوون لە پشكنین، لە رێگەی بریكارەكانی خۆراك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش كرا. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو بڕەی دێت، بەپێی بەشی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.