تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكای زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر دەكەن

ئەمڕۆ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی شانبەشانی تیمەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی یارمەتیدان و خاوێنكردنەوەی ئەو ماڵانەبوون لە گەڕەكەكانی زێڕین و گوندی كۆری و گرد جوتیار لەشای هەولێر. ئەمڕۆ یەکشەممە 31/10/2021، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر سێ گەڕەكەكەی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە لە بارودۆخ و رەوشی زیانلێكەتووانی كۆڵییەوەو بەڵێنیدا بەپێی توانا قەرەبووی زەرەرمەندبووان بكرێتەوە. دوێنێ شەممە 30/10/2021، بەهۆی بارانێكی بەخوڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر و كۆبوونەوەی ئاوێكی زۆر، لافاو لەچەند گەڕەكێكی وەك (زێڕین ستی و گرد جوتیار و گوندی كۆری) دروستبوو، كە بەهۆی ئەو لافاوەوە سەدان خێزان ماڵ و حاڵیان كەوتە مەترسییەوەو ئاو چووە ماڵەكانیان. پاش رووداوەكە، دەست بەجێ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتنە هەر سێ شوێنی رووداوەكەو لەنزیكەوە بارودۆخ و رەوشی زیانلێكەوتووانیان كۆڵیەوەو دەستبەجێ دەستكرا بە دابەشكردنی هاوكاری و پێداویستی بەسەر خێزانە زیان لێكەوتووەكاندا. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 31/10/2021، تیمێكی فراوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەرێگەی تانكەری ئاوەوە دەستیانكرد بە پاككردنەوەی ئەو ماڵانەی كە قوڕولیتە و لافاو زیانی پێگەیاندبوون و بەشێكی زۆری ماڵەكان خاوێن كرانەوە.