پەرلەمانتارێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، داوای چەند بیرەنەوتێک لە عێراق دەکات. بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، رەزا وەرناسری، ئەندامی لێژنەی وزە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، رایگەیاندووە: نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیاری 598 بەرپرسیارێتیی هەڵگیرسانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانی خسوووەتە ئەستۆی عێراق. رەزا وەرناسری بۆ قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانەکانی ئێران، داوای کردووە عێراق موڵکیەتی ”چەند بیرە نەوتێک“ی خۆی بۆ ئێران بگوازێتەوە. شەڕی عێراق – ئێران لە 22ـی ئەیلوولی 1980 دەستی پێکرد و رۆژی 20ـی ئابی 1988 هەردوولا بەبێ سەرکەوتنی هیچ کامێکیان، شەڕەکەیان راگرت. دەرەنجامی شەڕەکە بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا: – کوژرانی زیاتر لە 340 هەزار کەس لە عێراق و زیاتر لە 730 هەزار کەس لە ئێران. – برینداربوونی زیاتر لە 700 هەزار کەس لە عێراق و زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ئێران. – ئاوارەبوونی زیاتر لە 400 هەزار کەس لە عێراق و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ئێران. – بە دیلگیرانی زیاتر لە 70 هەزار کەسی عێراق و زیاتر لە 45 هەزار کەسی ئێران.