كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە وتارێكدا باسی لە بێتاوانیی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كرد و گوتی: ”بەبێ تاوان زیندانی كراوە و ویژدانم قبووڵی ناكات”. كلیچدارئۆغلۆ لە وتارێكدا لەبەردەم ئەندامانی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، باسی لە دەمیرتاش و عوسمان كاڤالا، چالاكوان و سەرمایەداری توركیا كرد و گوتی، بەبێ تاوان زیندانی كراون و پێویستە ئازاد بكرێن. سەرۆكی (جەهەپە) گوتی: ”دەمیرتاش و كاڤالا بەبێ تاوان زیندانی كراون، ویژدانم ئەمە قبووڵ ناكات. ڕەنگە ئەوان هیچ كاتێك سەر بە جەهەپە نەبووبن و دەنگیشیان بە جەهەپە نەداوە، بەڵام بەرپرسیاریەتیی ئێمە بەرگری لە عەدالەت و ڕووبەڕوونەوەی نایاساییەكانە. دەمیرتاش و كاڤالا، یەك تاوانیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پاسپۆرتەكەیان، پاسپۆرتی ئەمریكا نییە، ئەگەر پاسپۆرتی ئەمریكایان هەبایە، بە یەك تەلەفۆن ئازاد دەكران و فڕۆكە چاوەڕوانیان دەبوو”. كلیچدارئۆغلۆ لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەپرسێت: ”ئاخۆ هیچ كاتێك توركیا تووشی ئەو ڕەزالەتە بووە کە بتەوێت دیموكراسی بەرهەم بهێنێت، زیندانی بکرێیت؟ بوونی دەمیرتاش و كاڤالا لە زینداندا هەڵەیە”.