بایدن دوای هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی فەرمانێک دەردەکات

دوای هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێک دەردەکات. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 7-11-2021، بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە ناوچەی سەوزی بەغدا کردە ئامانج کە خۆی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن رزگاری بوو، بەڵام ژمارەیەک پاسەوانی بریندار بوون. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خۆشحاڵیی خۆی بە سەلامەتیی مستەفا کازمی دەربڕییوە و “بە توندترین شێوە” سەرکۆنەی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی کردووە. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە: فەرمانی بە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کردووە “هەموو هاوکارییەکی پێویست” لە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و دیاریکردنی بەرپرسانی ئەو هێرشە، پێشکەشی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بکەن.