رووسیا: پۆڵۆنیا چۆن بەشداری لە وێرانكردنی عێراقدا كرد با پەنابەرەكانیشیان وەربگرێت

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستی حكوومەتی وارسۆ گرت بەرانبەر پەنابەرانی عێراق و ڕای گەیاند “پۆڵۆنیا چۆن بەشداری لە شەڕی وێرانكردنی عێراقدا كرد، با پەنابەرەكانیشیان لەخۆ بگرێت”. ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمڕۆ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی “تێلیگرام”دا بە توندی وەڵامی ڕەخنەكانی حكوومەتی وارسۆی داوەتەوە كە رووسیای تۆمەتبار كردبوو بە هاندانی پەنابەرانی عێراقی تا لە ڕێگەی بیلارووسیاوە ڕوو لە پۆڵۆنیا و دواتر وڵاتانی تری یەكێتیی ئەورووپا بكەن. زاخارۆڤا نووسیویەتی “وا باشتر بوو سیاسەتمەدارانی پۆڵۆنیا لەبری ئەوەی سەرۆك ئەلێكساندەر لۆكاشینكۆ سەرۆكی بیلارووسیا بە نەفرەت بكەن و حكوومەتی مینسك بە هۆكاری نانەوەی تەنگژەی پەنابەران تۆمەتبار بكەن، ئەمە وەبیر خۆیان بێننەوە كە چۆن لە كاتی خۆیدا حكوومەتی وارسۆ ڕۆڵی سەرەكی بینی لە وێرانكردنی عێراقدا” (مەبەستی شەڕی ئەمریكا و هاوپەیمانانە لە ساڵی 2003 بۆ سەر عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدام). گوتەبێژە رووسییەكە هەروەها دەشڵێ “زیاتر لە دوو هەزار سەربازی پۆڵۆنیا چوونە ناو عێراقەوە و ڕۆڵێكی گەورەیان بینی لە وێرانكردنی ئەم وڵاتەدا، گوایە دیموكراسییەت لەم وڵاتەدا بەرپا دەكەن”. زاخاروڤا هەروەها نووسیویەتی “داخوا حكوومەتی پۆڵۆنیا ئەمڕۆ ڕازی دەبێت كەمتریش لە ژمارەی ئەو سەربازانەیان كە چوونە ناو عێراقەوە، پەنابەری عێراقی ڕوو لە پۆڵۆنیا بكەن؟ هیچ نەبێت بۆ ئەوەی سوپاسی پۆڵۆنیا بكەن لە بەرانبەر ئەو ژیانەی كە باپیرانیشیان خەونیان پێوە نەبینیبوو، بەڵكو لە سایەی هەڵمەتە (دیموكراسییە) نەفرەتییەكەی ئەواندا بەدی هات”.