تۆڕی پاراستنی تەندروستی ئاشكرای كرد ڕۆژی دووشەممە پارەی سندووقی هاوكاری لە نەخۆشخانەی فێركاریی سلێمانی دزراوە. تۆڕەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نێو نەخۆشخانەی فێركارییەوە ئاشكرای كردووە كە ”لەلایەن كەسێكی نادیارەوە كاتژمێر نۆ و نیوی بەیانیی رۆژی دووشەممە پارەكە بردراوە“. هەر بە گوێرەی راگەیاندراوی تۆڕەكە، ”تا ئێستا نازانرێ ئەو کەسەی کارەکەی کردووە، کێیە، چونکە دەمامکی بەدەمەوە بووە“. هاوكات داوای كردووە، بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەمبارەوە بکرێت و بکەرانی ئەو كارە دەستگیر بكرێن و سزا بدرێن. ئەمە لە كاتێكدایە تاوەكو ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەك لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە لەمبارەیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.