وەزیری دەرەوەی سعوودیە: چاوەڕێی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئێران دەکەین

وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایدەگەیەنێت، چاوەڕێی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئێران دەکەن. فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە (فرانس 24)ی راگەیاندووە: وڵاتەکەی تا ئێستا چوار گەڕی دانوستاندنی لەگەڵ ئێران لە چەند مانگی رابردوودا کردووە. فەیسەڵ بن فەرحان هەروەها رایگەیاندوە: پێشبینی دەکەن گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانی سعوودیە و ئێران ”بەم نزیکانە“ دەست پێبکاتەوە. سعوودیە و ئێران هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن، کە نزیکەی شەش ساڵە ئەو پەیوەندییانە پچڕێندراون. ئەو دوو وڵاتە کە رێبەرایەتیی مسوڵمانانی سوننە و شیعەمەزهەب دەکەن، بەهۆی چەندین کێشەی وەک شەڕی یەمەن، لوبنان، سووریا و عێراق ناکۆکیی توندیان لەنێواندایە. هەروەها حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: دانوستاندنەکان لەسەر رێڕەوی راست دەڕۆن و ”هەردوولامان پێویستمان بە دانوستاندنی زیاتر هەیە“.