دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراقی رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 146 گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی رژێمی بەعس هەڵدراونەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 16-11-2021، حەیدەر عەگیلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: رژێمی بەعس چەندین تاوانی دژەمرۆڤایەتی و کوشتنی بەکۆمەڵ (جینۆساید)ی کردووە، کە جینۆسایدەکان چوار تاوانی سەرەکین و بریتین لە: – ئەنفال – کیمیابارانکردنی هەڵەبجە – لەناوبردنی کوردانی فەیلی – گۆڕە بەکۆمەڵەکان حەیدەر عەگیلی ئاماژەی بە تاوانە دژەمرۆڤایەتییەکانی رژێمی بەعس کردووە و رایگەیاندووە: ئەو رژێمە 13 تاوانی دژەمرۆڤایەتی دژی گەلانی عێراق کردووە کە هەموو تاوانەکان بەبەڵگە کراون. بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری داوای کردووە هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە، چونکە ئەو گۆڕانە بەڵگەیەکن بۆ تاوانەکانی رژێمی بەعس. حەیدەر عگێلی ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا لە کۆی 177 گۆڕی بەکۆمەڵ، 146یان هەڵدراونەتەوە و ژمارەی ئێسکوپروسکی دۆزراوەی قوربانیانیش گەیشتووەتە زیاتر لە چوار هەزار.