هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا 272 کۆچبەری نایاسایی لەناو دەریا لە مردن رزگار دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش لە دەریای لامۆش (کەناڵی ئینگلیزی لە بەریتانیا) لە باکووری فەرەنسا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 16-11-2021، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ژمارەیەک کۆچبەر لەناو بەلەمی خراپدا لەناو دەریای لامۆش کە رووبەڕووی ئاستەنگی دەریایی بوونەتەوە. ئاسایشی دەریای لامۆش هەروەها رایگەیاندووە: بە بەلەمی تایبەت و کەشتی دەستیان بە جوڵە کردووە بۆ رزگارکردنی ئو کۆچبەرانە و توانیویانە لەڕێی 10 ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن، 272 کۆچبەر رزگار بکەن. ماوەیەکە کۆچبەرە نایاساییەکان بە بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و خراپ، هەوڵی پەڕینەوە لە کەناراوەکانی فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دەدەن و دەسەڵاتدارانی فەرەنساش باس لەوە دەکەن، کە لە هەشت مانگی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار و 400 کۆچبەریان لەناو ئەو دەریایە رزگار کردووە.