وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی خانەنشینکردنی سەدان ئەفسەری پێشمەرگە ڕوونکردنەوە دەدات و ئاشکراشی دەکات، خانەنشینکردنی پێشمەرگەی ئاسایی نەوەستاوە. لەمبارەوە، لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بە نووسراوێک 800 ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین دەکرێن و لیستی ناوەکان دراوەتە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران فەرمان دەردەچێت، خانەنشین دەکرێن”. ئەوەشی خستە ڕوو، پێشمەرگەی ئاسایی لە وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین دەکرێن، گوتیشی: “جگە لە ئەفسەران، خانەنشینی پێشمەرگە پێویستی بەوە نییە نووسراوی بنێردرێتە سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران، هەر لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆی دەکرێت، پڕۆسەکەش نەوەستاوە و ڕۆژانە دەکرێ”. لای خۆیەوە، لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و کەمئەندامانی خانەنشینیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەپێی یاسای چاکسازی، ناکرێ مووچەی خانەنشینی لە شوێنی دیکە خەرج بکرێت، بەڵكوو دەبێ تەنیا لە خانەنشینی گشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری بێت، بۆیە ڕۆژانە ئەوەی خانەنشین دەکرێ، دۆسیەکەی دەچێتە سەر خانەنشینی گشتیی دارایی، تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار و 500 دۆسیە نێردراوە”. خانەنشینکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی یاسای ژمارە 38ی ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە لە ساڵی 2007 و یاسای كەمئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر بە ژمارە 34ی ساڵی 2007 دەبێت. لیوا سەرحەد جەلال، باسی لەوەش کرد، هەر خانەنشینێکی تازەی پێشمەرگه بکرێ، ئەوە دوای تەواوبوونی مامەڵەکەی دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی.
لهبارهی خانەنشینیی پێشمەرگەوه ڕوونکردنەوە دەدرێ
