هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا 100 کۆچبەری نایاسایی کە هەوڵیان دابوو بپەڕنەوە ناو خاکی ئەو وڵاتە، دەستگیر دەکات. بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو 100 کۆچبەرە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-11-2021 هەوڵیان داوە تەلبەندی سنووریی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا ببڕن و بپەڕنەوە پۆڵەندا. ماڵپەڕی (ئەلحوڕە) بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان ئەو 100 کۆچبەرەیان دەستگیر کردووە و رێگایان نەداوە خاکی ئەو وڵاتە بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا، بەکار بهێنن. هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لێ دەکەن. بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.