ئەمڕۆ سێشەممە گەنجێكی یوتیوبەری عێراقی بە ناوی حەموودی موولی بەهۆی شووكردنی خۆشەویستەكەیەوە، بەپەتێكەوە خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. میدیاكانی عێراق لە چەند راپۆرتێكدا ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆكوشتن لەناو گەنجان داوە لەم وڵاتە، بەتایبەتییش بەهۆكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی، ڕووداوی خۆكوشتنی موولییش بووەتە باسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم وڵاتە و داوای بەدواداچوونی بۆ دەكرێت. حەموودی موولی تەمەنی تەنها 18 ساڵ بوو، بەوە ناسرابوو لەگەڵ هاوڕێ گەنجەكانی لە شاری ناسرییە، گۆرانی گەنجانە و عاشقانەی تۆمار دەكرد و لە ماڵپەڕی یوتیوبەر بڵاوی دەكردنەوە و جەماوەرێكی زۆری هەبوو. موولی لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبییش ناسرابوو، كەناڵە عەرەبی و جیهانییەكان، لەناویاندا BBC راپۆرتیان لەسەر چالاكییە هونەرییەكانی بڵاودەكردەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ناكاو هەواڵی خۆخنكاندنی بڵاوكرایەوە. بەپێی میدیاكانی عێراق، موولی كچێكی خۆشویستووە، كەچی كچەكە شووی بەكەسێكی تر كردووە، ئەمەش وای كردووە گوشارێكی دەروونی زۆری بۆ بێت و پەنا بباتە بەر خۆكوشتن. ئەمەش لە كاتێكدایە ڕێژەی خۆكوشتن لە شاری ناسرییە بەشێوەیەكی تایبەت و بەرچاو زیادی كردووە، بەپێی لێدوانێكی فەرمی، تەنها لە ماوەی ئەم مانگەدا، 12 هەوڵی خۆكوشتن لە شاری ناسرییە تۆمار كراوە.