بەڤیدیۆ.. لە خورماتوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەرانە لە 80 دووكاندار وەردەگرن

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شاری خورماتوو سەرانە لە 80 دووكاندار وەرگرن و یەكێك لە دووكاندارەكان ئاشكرای دەكات، هەموو سەرەمانگێك كەسێكی سەر بە حەشدی شەعبی دێ لە هەر خاوەن دووكانێك بڕی 175 هەزار دینار وەردەگرێت. دووكانەكان ماوەیەك پێش ئێستا لەسەر زەویی حكوومەت و بەدیاریكراوی نزیك پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلی خورماتوو دروست كراون. پێشتر ئەو كاسبكارانە لەسەر شەقامی گشتیی كەركووك-داقووق كاریان دەكرد، بەڵام پاشان حەشدی شەعبی بەزۆر بردنی بۆ ئەو شوێنە و ئێستاش مانگانە بە ناوی كرێی دووكانەكانەوە سەرانە لەو كاسبكارانە وەردەگرن كە بەشی زۆری دووكانەكان مریشك و گۆشت و سەوزە و میوەی تێدا دەفرۆشرێت. یەكێك لە دووكاندارەكان کە ڕەتی كردەوە ناوی بهێنرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”درێژایی زۆربەی دووكانەكان شەش مەترە و پانییەکەیان نزیكەی سێ مەترە و خەڵكێكی كاسبكار تێیاندا كار دەكەن، بەڵام كێشەی ئەوەمان هەیە كە كەسێكی سەر بە حەشدی شەعبی مانگانە دێت و بڕی 175 هەزار دینار لەو دووكاندارانە وەردەگرێت”. پەیامنێری (باسنیوز) لەو سەردانە مەیدانییەدا ویستی چەند دووكاندارێكی تر هەر لەسەر پرسی سەرانەوەرگرتن بدوێنێت، بەڵام ئامادە نەبوون قسە بكەن. هەر ئەو خاوەن دووكانەی ڕەتی كردەوە ناوی بهێنرێت، گوتی: ”چەند جارێك هەوڵمان داوە كە ئەو بڕە پارەیە كەم بكەنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون كەمی بكەنەوە”.