ئیسرائیل: بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەکاریی تەواومان کردووە

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەکاریی تەواویان کردووە. ران کۆخاف، گوتەبێژی فەرمیی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە: ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل رێگرتنە لە دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە. ران کۆخاف هەروەها رایگەیاندووە: هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەر سیناریۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کردووە. هەروەها عەمیکام نۆرکین، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلی رایگەیاندووە: ئیسرائیل گەرەنتیی ئەوە دەکات کە ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ناوکی. عەمیکام نۆرکین جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەر کارێک بۆ رێگرتن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە پێویست بێت، دەیکەن. پێشتر حکوومەتی ئیسرائیل بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ئامادەکاری بۆ هەر گورزوەشاندنێک لە بنکە ناوکییەکانی ئێران، تەرخان کردبوو. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئێران رایگەیاندبوو: ئیسرائیل بوێریی ئەوەی نییە رووبەڕووی ئێران ببێتەوە. ئەو هەڕەشە و لیدوانە توندانە لە کاتێک دایە، کە لەم هەفتەیەدا گەڕی حەوتەمی دانوستاندنە ناوکییەکانی ئێران و وڵاتانی 4+1 لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوە چوو. لە مانگی 4ـی 2021 یەکەم گەڕی کۆبوونەوەکانی ڤیەننا لە نێوان ئێران و وڵاتانی 4+1 بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ ناو رێککەوتنی ناوکی و لابردنی سزاکانی سەر ئێران، دەستی پێکرد. رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات. شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد. وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.