ئەمشەو تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی لهێبان-ی کوردنشینی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دوبز و دانیشتووانی گوندەکە هێرشەکەیان تێکشکاند. خدر عەلی، خەڵکی گوندی لهێبان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەمشەو تیرۆریستانی داعش کە بەپێی زانیارییەکانمان ژمارەیان نزیکەی ٣٠ چەکدار دەبوو هێرشیان کردە سەر گوندی لهێبان و ئێمە وەک خەڵکی گوندەکە ڕووبەڕوویان بووینەوە و شەڕ دروست بوو بەڵام تێکمانشکاندن و زیانێکی زۆریش بەر چەکدارانی داعش کەوت”. ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بە ئەوەش دا کە هیچ کەسێک لە دانیشتووانی گوندەکە زیانی بەرنەکەوتووە و رێگەیان نەداوە تیرۆریستانی داعش بێنە ناو گوندەکەوە. خدر عەلی کە خەڵکی گوندەکەیە بەڵام دانیشتووی شوێنێکی دیکەیە ئاماژەی بە ئەوە دا کە چەند رۆژێک بۆ هاوکاریکردنی خزم و کەسوکارەکەی چووەتە گوندی لهێبان و خۆیان بەرگری لە خاک و گوندەکەی خۆیان دەکەن. ئەو هاووڵاتییە ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا هێزە عێراقییەکان بە هانایانەوە نەچوونە لەکاتێکدا ئاگادارن کە داعش هێرشی بۆ سەر گوندەکەیان کردووە.
هاووڵاتییەکی گوندی لهێبان وردەکاریی هێرشەکەی ئەمشەوی داعش بۆ سەر گوندەکەیان ئاشکرا دەکات
