بەرپرسێکی باڵای ئیمارات سەردانی تاران دەکات

بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە 5-12-2021، میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە عەلی شەمخانی، نوێنەری رێبەری باڵای ئێران و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بانگهێشتی تەحنون بن زاید، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیماراتی کردووە. هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، بڕیارە رۆژی دووشەممە 6-12-2021 تەحنون بن زاید سەردانی تاران بکات و لەگەڵ عەلی شەمخانی کۆ ببێتەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تەحنون بن زاید جگە لە شەمخانی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکەی ئێرانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی ئەبو زەبی و تاران و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دەکات. ئیمارات بەردەوام ئێران بە داگیرکردنی دوورگەکانی ئەبو موسا، تونبلکوبرە و تونبولسوغرە تۆمەتبار دەکات کە هەردوو وڵات ئەو دوورگانە بە خاکی خۆیان دەزانن.