ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری بە مامۆستایان و قوتابیانی دا كە پابەندی خوێندن و تاقیكردنەوەكان بن لە كاتی خۆیاندا و دەوام ئاسایی بكەنەوە. لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی هاتووە “خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی وەك بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەمەبەستی دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەجۆرێك كە پەیامەكەیان گەیشتە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانییش وێڕای پشتگیری داوا ڕەواكانیان، بەڵێنی داوە نوێنەری ڕاستەقینەیان بێت بۆ داواكردن و بەدواداچوونی سەرجەم مافە ڕەواكانیان”. دەشڵێ “ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، هەموو لایەك ئاگادار دەكاتەوە لەگەڵ ئەوەی بۆ دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانی كۆلێج و بەشە ناوخۆییەكان هەنگاوەكان بەردەوامن، بەڵام پێویستە سەرجەم كۆلێج و بەش و مامۆستایانی زانكۆكەمان پابەندبن بە وانەوتنەوە و تاقیكردنەوەكان لە كاتی دیاریكراو، بەپێی خشتەی وانە و تاقیكردنەوەی كۆلێجەكان و ڕۆژمێری ساڵی خوێندنی (٢٠٢١-٢٠٢٢)”. هەروەها رای دەگەیەنێت “داواكارین لە خوێندكارانی زانكۆكەمان پابەندبوونی تەواویان هەبێت لە پێناو دوانەكەوتنی ساڵی خوێندن و زەرەرمەند نەبوونی خوێندكاران و زانكۆكەمان و ئاساییبوونەوەی پڕۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی سەركەوتووانە”.
ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی هۆشداری بە مامۆستایان و قوتابیان دەدات
