رێبەری رەوتی سەدر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبییە شیعەکانی ناو بەرەی (ئیتاڕ تەنسیقی)، رەت دەکاتەوە. بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 7-12-2021، لێژنەکانی ئیتاڕ تەنسیقی سەردانی نەجەف بکەن و لەوێ لە حەنانە لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کۆ ببنەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیاربوو لایەنەکانی ئیتاڕ تەنسیقی و موقتەدا سەدر گفتوگۆ لەبارەی رەوشی عێراق لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بکەن. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رەوتی سەدر بە لایەنەکانی ئیتاڕ تەنسیقی راگەیاندووە: ”بەهۆی بارودۆخی تایبەت“ی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، کۆبوونەوەکە تا کاتێکی نادیار دواخراوە و ناکرێ. سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە موقتەدا سەدر نایەوێ پێگەیەکی گرنگ کە ”شایستەیان نییە“، بە گرووپەکانی ناو ئیتاڕ تەنسیقی بدات، بۆیە کۆبوونەوەکەی رەت کردووەتەوە. هەروەک سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان باسی دەکەن، تا ئەو کاتەی گرووپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی ناو ئیتاڕ تەنسیقی چەکەکانیان دانەنێن، سەدر لەگەڵیان رێک ناکەوێ. گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە نیازن لەمپەر بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دروست بکەن کە بەپێی دەستوور دەبێ لە ماوەی 15 رۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، کۆبوونەوەکە بکرێ. کەسانی نزیک لە موقتەدا سەدر بە لایەنەکانی ئیتاڕ تەنسیقییان راگەیاندووە،رەوتی سەدر ئامادەیە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام بەشداریی حکوومەتێکی پێکهاتوو لەسەر پشکێنە ناکاتو ئەو لایەنانەش دەزانن هەر حکوومەتێک بەبێ سەدر دروست بکرێت، ”بە ماوەیەکی کەم“ شکست دەهێنێت. هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر لە بەغدا لە ماڵی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق)، لەگەڵ سەرکردەکانی ئیتاڕ تەنسیقی، کۆ بووەوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد. رۆژی 30-11-2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی ئاشکرا کرد، کە هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە چوو و رەوتی سەدر بە بەدەستهێنانی 73 کورسی، بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.
سەدر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبییە شیعەکان رەت دەکاتەوە
