شۆفێران لەبارەی داخستنی رێگای نێوان هەولێر – کەسنەزان ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر سەرجەم هاووڵاتییان و شۆفێران لەبارەی داخستنی رێگای نێوان هەولێر – کەسنەزان ئاگادار دەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 7/12/2021، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بڵاویکردەوە: “سەرجەم شۆفێران و هاووڵاتییانی شاری هەولێر ئاگادار دەکەینەوە کەوا بەهۆی دەستپێکردنی دروستکردنی ئۆڤەر پاس و ئەندەرپاسەکانی شەقامی 150 مەتری لەسەر ڕێگای (هەولێر – کەسنەزان) لە رۆژی 8/12/2021ەوە تاوەکوو کاتێکی نادیار ڕێگای سەرەکی بەتەواوی لەهەردوو دیوی هاتن بۆ ناوشار و چوون بۆ کەسنەزان دادەخرێت”. ئەوەش خراوەتە روو: “هاووڵاتییان لەو ماوەیە دەتوانن لادانە کاتییەکان بەکاربێنن کە دەکەوێتە هەردوو دیوی شەقامەکە، هیوادارین و داواکارین لە ماوەی گرتنی رێگایەکەش شۆفێران و هاووڵاتییان هاوکار و پابەندی هێماکان بن و بەپێی ئاراستەی دیاریکراو بڕۆن”.