عێراق بەرهەمهێنانی 3400 مێگاوات تەزووی كارەبای لەدەست دا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە حكوومەتی عێراق لەدەستدانی بەرهەمهێنانی 3400 مێگاوات تەزووی كارەبای راگەیاند، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ئێران ناردنی غازی لەسەر عێراق گرتووەتەوە. وەزارەتی كارەبای عێراق بڵاوی كردەوە هەرچەند ڕێككەوتنی ئیمزاكراویان لەگەڵ حكوومەتی ئێراندا هەیە بۆ ناردنی غاز، بەڵام ئێران ناردنی غازیان لەسەر گرتوونەتەوە، بەم هۆیەوە تووشی كێشەیەكی گەورە بوون لە بەرهەمهێنانی تەزووی كارەبادا. بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كارەبای عێراق، ئێران ناردنی بەشێكی غازی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای عێراق راگرتووە، بەم هۆیەوە كاتژمێرەكانی پێدانی تەزووی كارەبا بە هاووڵاتییان كەم كراوەتەوە، بەتایبەتییش دوای ئەوەی عێراق كەوتووەتە وزەی سەرماوە و قورسایی زیاتر كەوتووەتە سەر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا. بەیاننامەكە دەڵێ سەرباری ئەوەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ئەوەی لە هاویندا رۆژانە 70 مليۆن مەتری سێجا غاز و لە زستانیشدا ڕۆژانە 50 مليۆن مەتری سێجا غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای عێراق بنێرێت، كەچی لایەنی ئێرانی ڕۆژانە ناردنی 8,5 مليۆن مەتر سێجا غازی لە عێراق گرتووەتەوە، ئەمەش كاریگەری كردووەتە سەر بەرهەمهێنانی تەزووی كارەبا.