میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە ماوەی دوو رۆژدا 2500 زەیتوونی عەفرین دەبڕنەوە

میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە ماوەی دوو رۆژدا 2500 زەیتوون لە سنووری شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، دەبڕنەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی پێنجشەممە 16-12-2021 دەری کردووە، رایگەیاندووە: چەکدارانی میلیشیای (حەمزات)ی سەر بە تورکیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەزار و 950 داریان لە گوندەکانی کیمارا و شێراوە، بڕیوە. هەروەها چەکدارانی میلیشیای (فەیلەق شام)ی سەر بە تورکیا لە گوندی کەباشین نزیکەی 350 دار زەیتوونی جووتیارانی کوردیان بڕیوە و لە گوندی رەمەزانا لە شارەدێی جوندرێسیش چەکدارانی میلیشیای (سەمەرقەند)ی سەر بە تورکیا 170 دار زەیتوون و 16 دار گوێزی جووتیارانی کوردیان بڕیوە. جگە لە بڕینی ئەو ژمارە زۆرەی دار زەیتوونەکانی کوردانی عەفرین، عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتیی سەرکردەیەکی میلیشیای حەمزات بە ناوی رامی بەتران، ئاژەڵەکانیان لەناو باخەکانی کوردانی سنووری گوندی کیمارا و شێراوە دەلەوەڕێنن.