نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێک بەبۆنەی کارەساتی لافاوەکەی هەولێر بڵاو دەکاتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێک بەبۆنەی کارەساتی لافاوەکەی هەولێر کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، بڵاو دەکاتەوە. لە شەوی پێنجشەممە 16-12-2021ـەوە بارانێکی بەخوڕ لە هەولێر باری و لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 17-12-2021 بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند گەڕەکێک و ناوچەیەکی هەولێر و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و چوار کارمەندی تیمە فریاگوزارییەکانی بەرگریی شارستانیش بریندار بوون. نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: بەهۆی ئەو رووداوەوە نیگەرانن. یۆنامی جگە لە سەرەخۆشیکردن لە کەسوکاری قوربانیان، هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە و هاوخەمی و هاوسۆزیشی بۆ ئەو کەسانەی زیانی داراییان پێگەیشتووە، دەربڕیوە.