پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا ناڕەزایی بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دەربڕیوە كە ئەمڕۆ لە بڕیارێكدا تەنها بەبڕی دوو ملیار دیناری عێراقی زیانەكانی لافاوەكەی هەولێر خەمڵێندراوە، لە كاتێكدا زیانی ڕاستینەی لافاوەكە نزیكەی 21 ملیار دینار بووە. ئەمشەوی سێشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكی ناڕەزاییدا، ئاشكرای كردووە كە دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لە ڕۆژى هەینیی رابردوو بەهۆى لافاوەوە بەسەر هەولێردا هات، سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون، جگە لە زیانەکانى کەرتى گشتی کە تەنها زیانى هاووڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى 20 تاوەکو 21 ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی داواکارییان پێشکەش بەحکوومەتى عێراقی فیدراڵ کردووە تاوەکو لە بودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کە مافى هەرێمى کوردستانە بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقی فیدرال بڕیار دراوە بڕى دوو ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە بڕیارەكەی حكوومەتی فیدراڵی، بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئەواندا نەبووە لە بەرامبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەدا داهاتووە، بۆیە وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایی بەرامبەر بەم بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى فیدراڵ دەردەبڕن، پێیانوایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکاندا نییە، سەرەڕاى ڕەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆیان دیاری کراوە، کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرن، بێ هیوابوونى خۆیشیان لە هاوکاریکردنى حکوومەتى عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەن و ئەو بڕە پارەیەش قبووڵ ناکەن، بەڵكو دەخوازن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقی فیدراڵ چاو بە بڕیارەکەیاندا بخشێننەوە، چونکە ئەوەى داوایان کردووە مافێکى یاسایی ئەوانە و بەخێر پێیان نادرێت، کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەو کاتەى کە پێویستیان پێیەتى، دەبێت بۆیان بگەڕێننەوە.