دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەڵگەکانی 129 تۆمەتبار لە کەیسی کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی وڵاتەکەی، رادەستی عێراق دەکات. غەریب ئابادی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بە رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی راگەیاندووە: کاری لەپێشینەی وڵاتەکەی گرتنەبەری رێککارەکانی لێکۆڵینەوە لە دادگاکانی ئێران و عێراقە. غەریب ئابادی هەروەها رایگەیاندووە: 300 بەڵگەیان لەسەر تێوەگلانی 129 کەس لە رووداوی کوشتنی قاسم سولەییمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، داوەتە دەسەلاتی دادوەریی عێراق. جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ عێراق رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و گۆڕینەوەی بەڵگەکان لەسەر رووداوەکە. بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
دادگای ئێران بەڵگەکانی 129 تۆمەتبار لە کەیسی کوشتنی سولەیمانی رادەستی عێراق دەکات
