گۆڤاری ئیكۆنۆمیست، لە هەڵسەنگاندنێكدا بۆ داهاتووی ئابووریی توركیا و ئەو مۆدێلە تازەیەی حكوومەتی توركیا لەڕووی ئابوورییەوە رایگەیاندووە، پێی وایە ئەمە توركیا رزگار ناكات، بەڵكوو ئابووریی توركیا لەبەردەم مەترسیی داڕووخاندایە. ئیكۆنۆمیست، پێشبینی دەكات کە هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا بگاتە ئاستێكی بەرز، چونكە ئەو مۆدێلە تازە ئابوورییەی رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاندووە، كاتییە و ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێت. ئەردۆغان رێژەی سووی زیاد نەكرد، بەڵام بەم مۆدێلە تازەیەی توانی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بكاتەوە. بەگوێرەی ئەو شڕۆڤەیەی ئێكۆنۆمیست كردوویەتی، ئەم مۆدێلە، زیادكردنی رێژەی سووە، بەڵام بە شێوەیەكی تر، چونكە هانی خەڵك دەدات تا لیرەی توركی بكڕن لەبری دۆلار، ئەمەش دەبێتە بارگرانییەكی گەورە بەسەر خەزینەی دەوڵەتەوە، هەروەها ئەم مۆدێلە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كەرتی گشتی لە توركیا بەرەو داڕووخان بڕوات، بۆیە ئیكۆنۆمیست ئاماژەی داوە، ئەگەر زۆرە، ئابووریی توركیا مەترسیی داڕووخانی لەسەر بێت. بەگوێرەی شڕۆڤەی ئەو كەسانەی شارەزای بواری ئابوورین لە ئیكۆنۆمیست، ئەردۆغان توانیی كەمترین مووچە 50% زیاد بكات، بەڵام لە 2022 ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا بگاتە 50% بەمەش ئابووریی توركیا دادەڕووخێت. لە كۆتایی شڕۆڤەكەدا ئیكۆنۆمیست دەنووسێت: ”ئەو ئاگرەی ئەردۆغان كردوویەتییەوە، رەنگە بۆ پارێزگاری لە خۆی بەتانییەك بە خۆیدا بدات، بەڵام ئەگەر زۆرە لە ماوەیەكی كورتدا ئەو بەتانییەش گڕ بگرێت.”