نەینەوا.. چەند مووشەکێک لە نزیک سەربازگەیەکی سوپای تورکیا کەوتنە خوارەوە

ئەمشەو ژمارەیەک مووشەی ئاراستەی دەوروبەری سەربازگەی زێلکانی سوپای تورکیا لە ناحیەی باشیک کرا و پەیجی دژەتیرۆری کوردستانیش وردەکارییە بۆردومانەکە ئاشکرا دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژەتیرۆری کوردستان، شەش مووشەکی گراد لە دوروبەری گوندی جوبران لە نزیک سەربازگەی زێلکانی سوپای تورکیا لە ناحیەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا کەوتنە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ نەکەوتووەتەوە.   هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری کیا لە گوندی ئەبوو جەربوعەی ناحیەی باشیک ئاراستە کراون و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە و سووتاوە. هاوکات لە لایەن بەرگرییەکانی ئەو سەربازگەوە بەرپەرچی ئەو هێرشە مووشەکییانە دراوەتەوە.