سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاند، لە دوو پارێزگای فارس و کرمان شەش کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست دا. ئەمڕۆ، سێشەممە 4/1/2022، سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، بارانی بەخوڕ لە پارێزگاکانی فارس، بووشەهر، سیستان و بلووچستان، هۆرمزگان و کرمان بووەتە هۆی هەستانی لافاو کە بەو هۆیەوە ٢٠ هەزار کەس پێویستیان بە فریاکەوتن هەیە و تا ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونی بەپەلە بۆ سێ هەزار کەسیان دابین کراوە. هەر لەم پەیوەندییەدا عەبدولغەفوور هووت، قامیقامی قەزای کەنارەک لە پارێزگای سیستان و بلووچستان ڕایگەیاندووە، لافاو چووەتە ناو دوو هەزار ماڵی ئەو قەزایەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونی ١٢ هەزار کەسە.
لە دوو پارێزگای ئێران شەش کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست دا
