وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەزامەندی لەسەر کردنەوەی دوو کۆلێژی نوێ لە زانکۆی سەڵاحەدین، دەدات. پرۆفسیۆر دکتۆر جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر رایگهیاندووە: ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا به راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر، بڕیاری دا (کۆلێژی شوێنەوار) و (کۆلێژی ڤێرتەرنەریش) بکرێنەوە. جەوهەر فەتاح سەعید هەروەها رایگەیاندووە: کۆلێژی شوێنەوار دەبێتە یەکەم کۆلێژی تایبەت بەو بوارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و کۆلێژی ڤێرتەرنەریش دەبێتە یەکەم کۆلێژ لەو بوارە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر. سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەش کردووە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە خوێندنی باڵا دەدات و بەپێی بەرنامە و پلانی ئەو کابینەیە، کار دەکرێت بۆ زەمینەسازیی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان. زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، لە ساڵی 1981 دامەزراوە، یەکێکە لە دێرینترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە (15) کۆلێژ و (76) بەشی زانستیی خوێندنی بەیانیان و (14) بەشی زانستی خوێندنی ئێواران پێکهاتووه، بە کردنەوەی ئەو دوو کۆلێژە ژمارەی کۆلێژەکانی دەبێتە (17) کۆلێژ. لە ساڵی 2007یشەوە هەردوو زانکۆی پزیشکیی هەولێر و زانکۆی سۆران لەو زانکۆیە جیابوونەتەوە و بوونەتە دوو زانکۆی سەربەخۆ.