ڕۆژنامەیەكی بەڕیتانی ئاشكرای كرد وڵاتی سریلانكا، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە راگەیاندنی مایەپووچبوون نزیك دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەڕیتانی بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە سریلانكا لە دۆخێكی ئابووری دژواردایە، هۆكاری سەرەكیشی بە هۆی پەتای كۆرۆنایە. لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە سریلانكا ئێستا كەوتووەتە ژێر بارێكی قورسی قەرز، لەلایەكی دیكەش زیانێكی گەورە بەر كەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە كەوتووە، ڕێژەی هەڵئاوسان لە وڵاتەكە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا 11.1 % بووە. بەپێی راپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی، نیو ملیۆن كەس لە دانیشتووانی سریلانكا لە ژێری هێڵی هەژاریدا دەژین، بەشێكی زۆری لە دانیشتووانی وڵاتەكە دەستیان ناگاتە كاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەكان.