له‌باره‌ى بارانبارین بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك سه‌رجه‌م هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانیی هه‌رێمى كوردستان، له‌ ئاگادارییه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك باران و نمه‌باران ده‌بارێ و پله‌ى گه‌رما نزم ده‌بێته‌وه‌. ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9/1/2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییه‌كى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: “ئه‌مشه‌و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر ناسەقامگیرییەکی ڕەوشی کەشوهەوا کە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بە شێوازی نمەباران و بارانی مامناوەند بەردەوامی هەبێت، بەفر و باران ناوچەکەمان دەگرێتەوە”. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە سەرەتا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەست پێدەکات، پاشان لە نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، ئینجا سەنتەری شار، دواى ئه‌وه‌ کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین باران ده‌بارێت. كه‌شناسیی هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كردووه‌، له‌ ماوه‌ى ئه‌م شه‌پۆله‌دا پله‌ى گه‌رما نزم ده‌بێته‌وه‌ و له‌سه‌ر لوتكه‌ى شاخه‌ به‌رزه‌كان و ناوچه‌ سنوورییه‌كان به‌فر ده‌بارێت. پێشبینیش كراوه‌ له‌ ڕۆژى سێشه‌ممه‌دا، نمەباران پچڕپچڕ ببارێت، کاریگەرییەکەی لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت، لە ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 12/1/2022، تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو 18/1/2022، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت و ئاسمانی هەرێمى كوردستان بەردەوام هەور دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند، بەفریش لەم ماوەیەدا لەسەر ناوچە شاخاوییە سنووریەکان و بەرزەکان دەبارێت.