لایەنە شیعە ناڕازییەکان کە خۆیان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخستووە، هەڵوێستی فەرمیی خۆیان لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری کرد. رۆژی یەکشەممە 9-1-2022، پەرلەمانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمیدا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددومی بە سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵاش بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان، هەڵبژارد. شەوی سێشەممە 11-1-2022 لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکەش تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە درێژەی کێشا. دوای کۆبوونەوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تێیدا پێشهاتەکانی ناو یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقیان رەت کردەوە. ئەو لایەنانە رایانگەیاندووە: ناڕەزایی خۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پێشکەشی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەن. لە کۆبوونەوەکەدا، بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی تەمەن لەهۆش خۆی چوو و کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی خالید دەڕاجی، دووەم بە تەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان، تەواو کرا. دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوە چوو، هەموو لایەنە عەرەبییە شیعەکان (جگە لە رەوتی سەدر کە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن)، خۆیان لە بەرەیەکدا بەناوی (ئیتاڕ تەنسیقی) رێکخست و ناڕەزایی خۆیان بە ئەنجامەکان راگەیاند و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەیان کرد.