باڵوێزخانەی ئەمریكا راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمشەو بڵاوكردەوە

ئەمشەوی پێنجشەممە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئەمشەوی بەغدای بڵاوكردەوە و رای گەیاند ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر دەزگایەكی دیبلۆماسی، بەڵكو هێرشە بۆ سەر سەروەریی خودی عێراق. لە راگەیەندراوەكەی باڵوێزخانەی ئەمریكادا هاتووە ئەمشەو كۆمەڵگەی باڵوێزخانەی ئەمریكا ڕووبەڕووی هێرشی گرووپە تیرۆریستییەكان بووەوە، كە هەوڵێك بوو بۆ تێكدانی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەكەی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم جۆرە هێرشانە تەنها دەستدرێژی نین بۆ سەر دەزگای دیبلۆماسی، بەڵكو هێرشن بۆ سەر سەروەریی خودی خاكی عێراقیش. جێی باسە ئەمشەو هێرشێكی مووشەكی كرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، سیستمی به‌رگریی مووشه‌كی باڵوێزخانه‌ی ئەمریكا لە كاتی هەڵدانی مووشەكەكاندا كارا كرا، به‌رپه‌رچی سێ مووشه‌كیان دایه‌وه‌، بەڵام بەهۆی كەوتنە خوارەوەی یەكێك لە مووشەكەكان، منداڵێك و ژنێك لە ناوچەی قادسیەی بەغدا بریندار بوون.