کەمئەندامانی هەولێر بەهۆی لێدان لە سەرۆکی کۆمەڵەی ژین، داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش دەکەن. دلێر رەفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: رۆژی چوارشەممە 12-1-2022 ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقامی 100 مەتری لە نزیک کۆمپانیای جیهان خۆی بە مەسعود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ژیندا کێشاوە. هەروەک دلێر رەفیق رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە دوای لێدان لە سەرۆکی کۆمەڵەی ژین کە لەسەر عەرەبانەی کەمئەندامان بووە، هەڵاتووە و مەسعود ئەنوەری بە برینداری بەجێ هێشتووە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ژین بە ناوی کەمئەندامانەوە داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش کرد ”بە زووترین کات“ ئەو کەسەی لە سەرۆکی کۆمەڵەکەی داوە دەستگیر بکەن و بە سزای یاسایی بگەیەنن. کۆمەڵەی ژین، کۆمەڵەیەکی هەرێمی کوردستانە و تایبەتە بە کەمئەندامانی دەست و پێ. کار لەسەر گەیاندنی داواکارییەکانی کەمئەندامان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو توێژەی کۆمەڵگە، دەکات.