سەرۆکی کۆماری عەرەبیی میسر سەردانی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو دەکات. دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-1-2022، عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات. سەرۆکایەتیی کۆماری میسر لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: عەبدولفەتاح سیسی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات کۆ دەبێتەوە. هەروەک سەرۆکایەتیی کۆماری میسر رایگەیاندووە، سیسی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی ”ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی“، دەکەن. یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، هێرشی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن بۆ سەر ئیمارات دەبێت. پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 17-1-2022، سێ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات، تەقینەوە. دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سوپای یەمەن (سوپای حوسییەکان) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
سەرکۆماری میسر سەردانی ئیمارات دەکات
