حەسەکە.. قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت

ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری حەسەکە کە بەهۆی شەڕی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەپێندرابوو، هەڵدەگرێت. بەپێی بەیاننامەیەکی ئیدارەی خۆجێیی، لەمڕۆ سێشەممە 1-2-2022ـەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە لە کاتەکانی رۆژدا هەڵدەگیرێت، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆ لە شەواندا تا کاتێکی نادیار، بەردەوام دەبێت. قەدەغەی هاتوچۆی شەوان لە شاری حەسەکە لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە دەست پێدکات و تاوەکوو کاتژمێر 6ـی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت. شەوی پێنجشەممە 20-1-2022، چەکدارانی داعش تەقینەوەیەکیان لە نزیک گرتووخانەی (سناعە) لە گەڕەکی گوێران لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان کرد و دواتر هێرشیان کردە سەر گرتووخانەکە. رۆژی چوارشەممە 26-1-2022، هەسەدە کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەکە و کۆتاییهاتنی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەکدارانی داعش لە حەسەکە، راگەیاند.