قاسم گول، بەرپرسی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە توركیا، لە تازەترین ددانپێدانانیدا لەبەردەم دادوەر، دانی بەوەدا نا كە دوای لەدەستدانی سووریا و عێراق، بە فەرمانی ئەبوبەكر بەغدادی، بڕیاریان دا لە توركیا خۆیان بە ڕێكخراوەیی بكەنەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی بەشی توركیی ئاژانس (DW) ، قاسم گول، كە پارەکە لەلایەن میتی توركیاوە دەستگیر كرا، ددانی بەوەدا ناوە کە لەناو شەش شاری توركیا چەكیان شاردووەتەوە و دەیان چەكداریشیان لەو شارانەدا هەیە. بە گوتەی گول، ئەو شارانەی داعش لە شارەکانی ئەدەنا، مێرسین، عوسمانییە، هەتای، وان و دەنیزلی چەکی شاردووەتەوە و باسی لەوەش كردووە کە بەغدادی بەر لەوەی بكوژرێت، گوتوویەتی لە شارەكانی توركیا خۆتان ڕێک بخەن، تا ئەو چەكدارانەی لە ئەورووپاوە دێنە ناو داعش، لە توركیا بمێننەوە و لە 12 شاری توركیاش بە نهێنی ڕاهێنانیان پێ بكەن. دادوەر لێی پرسیوە، ئەو چەكانە بە چ شێوەیەك دەگاتە دەستی داعش لە توركیا؟ لە وەڵامدا قاسم گوتویەتی: ”چەكەكان بە شێوەی قاچاغ دەهێنرێتە توركیا و پاشان لەسەر سنوور و لە شوێنێكی نزیك دەشاردرێنەوە. لە توركیا ئەو گرووپانەی سەر بە ئێمەن، دیاننێرین و چەكەكان دەهێننە دەرەوە و لەسەر داوا و فەرمانی ئێمە، دەیبەنە ئەو شارەی توركیا کە ئێمە دەمانەوێت و دووبارە لەوێش دەیشارینەوە. لەو شوێنەشی كە دەشاردرێتەوە، پێویستە وێنەی بگیرێت و بۆ ئێمەی بنێرن”. گول لە ددانپێدانانەكەیدا ئاشكرای كردووە، لە توركیا 27 گرووپی سەلەفی بەیعەتیان بە داعش داوە و لەژێر فەرمانی ئەواندان بۆ هەر كارێكی چەكداری كە بیانەوێت بیكەن. باس لەوەش دەكات کە لە ئەدەنا گرووپی سەلاحەدین سەر بەوانن و جارێكیان داوای لێ كردوون، چەند ئەندام پەرلەمانێكی توركیا بڕفێنن، بەڵام داواكەیان ڕەت كردووەتەوە.
بەرپرسی داعش لە توركیا: لە شەش شاری توركیا چەكمان شاردووەتەوە
