ئەمریکا ژمارەیەک سزای تایبەت بە بەرنامەی ناوکی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەگرێت. ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوەبڵاوی کردووەتەوە، هەلگرتنی بەشێک لە سزاکان بۆ پابەندبوونی ئێرانە بە ئەرکەکانی لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی ناوکی لە ڤیەننا. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە رایگەیاندووە: ئەو سزایانە (ئاشکرا نەکراون) لەسەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ (2017- 2021) بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون. دوای کشانەوەی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ناوکی، لە سەردەمی ئیدارەی ئێستا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بە بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا، لەلایەن وڵاتانی 4+1 و ئێران، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە، ساز کراون. شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد. رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبوو و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکرد. وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.